دیوان

ژانی مان


نوسه‌ر:   مامۆستا كرێكار

چاپ:  دووه‌م: 1998ز- 1418ك


پێشەکی چاپی دووەم

   پێش شانزە ساڵ لەمەو بەر  برایەکی دڵسۆز شیعرەکانمی ـ کە لە ساڵانی  ١٩٨٠ـ١٩٨٢ دا نووسیبوومن ـ کۆکردەوەو لە دوو توێی تیانووسێکی جواندا پێشکەش بە خۆمی کردەوە ! لە ساڵی ١٩٨٢ شدا برایەک لە شاری پاوەی کوردستانی ئێران بە خەتێکی جوان نووسییەوەو ئامادەی چاپی کرد .. پاشان لە لایەن چەند برایەکی ترەوە کە زۆر نەمدەناسین بە ناوی ( ژانی بوون ) ەوە بە چاپ گەیشت و الحمد للە لە ھەردوو بەشی کوردستاندا بە خۆشحاڵییەوە قبووڵ کرا ..
   ھەر زوو نوسخەی لە بازاڕەکاندا نەما .. ئیتر منیش کەوتمە ووڵاتانی ترو دوای راپەڕینەکەش کاروباری سیاسی و بزاڤی رابوونی ئیسلامی ـ کە وەک بورغوو لە خۆیان پێچام ـ نەیھێشت بپەرژێمە سەر دیوانی کۆن .. بەشێکی نوێی تری شیعریشم ئامادە کرد کە بە ناوی ( ژانی مان ) ەوە لە چاپی بدەم . بەڵام کارەساتەکەی ساڵی ١٩٩٣ ی بزوتنەوەی ئیسلامی کاتی ئەوەی لێ سەندمەوەو بە کاری گرنگتری ململانێی (مانەوە) خەریک بووینەوە .. تا دەشھات داوای لە چاپدانەوەی ( ژانی بوون ) و ( ژانی مان ) یش زۆرتر دەبوو . تا ئیتر وام بە باش زانی ھەردووکیان بنووسمەوەو پێکەوە چاپیان بکەم .. کەوا الحمد للە رێک کەوت ..
   بەشی سێەمی شیعرەکانیش کە لە دوای ساڵانی ١٩٩٣ ەوە نووسراوون ، ماوون و ان شاء اللە دەرفەتی چاپ و بڵاوکردنەوە بۆ ئەوانیش دەڕەخسێ .. 
   ھیوادارم خوێنەرانی بەڕێز دوای خوێندنەوەی ئەم کۆمەڵە شیعرانە ، ھەڵیان سەنگێنن و رەخنەکانیانم پێ رابگەێننەوە .. خۆشحاڵ دەبم چونکە دەزانم ھەر چەند کەم و کورتیشیان تێدا بێ ـ کە زۆریشن ـ بەقەدەر ئەوان راستگۆیی و دڵسۆزیان بۆ ئیسلامی رێبازو کوردی کەسی خۆم و کوردستانی ووڵاتی بێ پەرژینم لە خۆ گرتووە .. ئازادتر بن ..

                                                       کرێکار
سلێمانی ١٤١٨ک_١٩٩٨ز



شیعرەکانم بۆ کێ دەوێ ؟
شیعرەکانم ...
ـ ئەگەر نەبوونە بەستەی کرێکارێک با خەلفەیەک وەک تەڵاشە بەرد نقومی ژێر جەبلەیەکی ناوکاریان کات ..
ـ با بەرد ھەڵکەنێک ژێر تاوێرە بەردیان نێ و نووزەیان ببڕێت ..
ـ گەر نەبوونە ( ھۆو )ی جوتیارێک با خۆی بە گاسنەکەی ژێر گڵیان نێ ..
ـ ئەگەر نەبوونە زەنگەڵەی کاروان و قەتارچی ، با روویان وەک قۆریەکەی رەش کرێن ..
ـ ئەگەر نەبوونە سروودی قوتابیانی زانکۆ ، با زمانیان لە زیندانی ئاسایش ( ئەمن ) دا بقرتێنرێن ..
ـ گەر نەبوونە قردێلەی ژێر سەرپۆشی خوشکێکی موسوڵمان ، با بدرێنە دەست ( سارتەر )ێ ..
ـ گەر نەبوونە گڕوگاڵی مناڵانی ئیسلام ، با بخرێنە بەر رمی ھۆلاکۆ ئاشتیخوازەکانی سەدەی بیستەم ..
ـ ئەگەر نەبوونە سروودی موجاھیدانی ئیسلام ، با ژێر تانکی (ستالین)ەکان کەون لە ئەفغان و سوریاو عێراق و سۆمال ..
ـ گەر نەبوونە ئاھی کۆست کەوتووی بێ شوانی کورد با پەتی (ئومەییە) جاھیلییەکانیان بکرێتە مل . کە لە مێژووی نوێ و داھاتوودا لە ( دار الندوە ) کۆ دەبنەوە ..
ـ گەر وا نەبوون ، مەھێڵن لە ھیچ چاپخانەیەکدا لەدایک بن ..




© Copyright 2019. All Rights Reserved.
© Copyright 2019. All Rights Reserved.